ئەم وانەیە دەروازەیەک دەبێت کە بە ڕووی خوێندکاردا دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ئاشنایەتی بە مێژووی هاوچەرخى ئێران و قۆناغە گرنگ و هە ستیارەکانى ئەو مێژووە پەیدا بکات. بە باشى درک بە ڕۆڵى هەنوکەیی کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکات لە روودا و پێشهاتەکانى ناوچەکەدا، ڕیشەى زۆرێک لە کێشە و گرفتەکانى ئەمڕۆى کۆمارى ئیسلامى ئێران بە باشى دەزانێت و لە مامەڵەى دەوڵەتى ئێران دەرهەق بە پێشهاتەکان بە باشى تێدەگات.
لەم وانەیەدا کۆمەڵێک زانیارى دیکە بۆ زانینى خوێندکار سەربار دەکرێـت، لە میانەى بابەتەکانى ئەم وانەیەدا زانیارى دەربارەى چەمکگەلێکى پەیوەست بە مێژووى هاوچەرخى ئێران وەک (چاکسازى، سیکیۆلاریزم، شاهەنشایی، ناسیۆنالیزم، چەپگەرایی، ویلایەتى فەقیهـ .. هتد) بە خوێندکاران دەدرێت، کە ئاسۆکانى بیرکردنەوەیان و تواناى تێگەیشتنیان لە مێژووى هاوچەرخى ئێران فراوان دەکات.

ئەم وانەیە هەوڵ دەدات زۆرترین زانیارى لەمەڕ مێژووى هاوچەرخى ئێران بدات بە خوێندکاران، هەروەها زانیاری تەواویان دەربارەى چۆنییەتى دامەزراندن و جۆرى سیستەمى سیاسی و پەرەسەندنى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى ئەو وڵاتە هەبێت. خوێندکار قۆناغە مێژووییە جیاوازەکانى ئەم وڵاتە و ڕووداوە بایەخدار و کاریگەرەکانى و سیاسەتى نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانى بۆ ڕووندەکرێتەوە و ڕیشەى کێشە بنەڕەتى و هەنوکەییەکانى ئەم وڵاتە شیدەکرێتەوە لەم وانەیەدا.

ئامانجى تایبەتى ئەم وانەیە تاوتوێکردنى مێژووى هاوچەرخى ئێرانە، بەشێوەیەک کە لە میانەى هەفتەکانى خوێندنى ئەم وانەیە تیشک دەخرێتە سەر:
1. کاریگەرى مۆدێرنیتەى ڕۆژئاوایی و ئایدۆلۆژیاجیاوازەکان لەسەر بونیادە کۆمەڵایەتى و سیاسى و فیکرى و فەرهەنگییەکانى وڵاتى ئێران و ڕەنگدانەوەیان لەسەر ڕوودا و پێشهاتە نێوخۆییەکانى ئێران دەرخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
2. سەربارى کۆڵینەوە لە چۆنییەتى دامەزراندنى دەوڵەتى ئێرانى هاوچەرخ، گۆڕانکارییە نێوخۆییەکان و پەیوەندییە دەرەکییەکان لە ساڵانى سەرەتاى دامەزراندن لێى دەکۆڵرێتەوە.
3. سیاسەتى کولتوورى و سیستەمى سیاسى و ڕوانگەى دەسەڵاتى ئێران بۆ نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکانى نێوخۆى ئێران .
4. ڕەنگدانەوەى ململانێ ئایدۆلۆجی و سیاسییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران، بەریەککەوتنى دید و ئایدیا جیاوازەکان.
5. گۆڕانکارییە سیاسى و ئایدۆلۆجى و کولتوورییەکان لە سایەى دەسەڵاتى ویریەتى فەقیهــ.